هێمن

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-14-03:19:00 - کۆدی بابەت: 3253
هێمن

ناوه‌ڕۆك

هێمنی شآعیر

هێمن ناوی (سەید محەممەد ئەمین)ە كوڕی سەید حەسەنی شێخەلوئیسلامی موكرییە، لە ساڵی (١٩٢١)زاینی لە گوندی (لاچین) نزیك شاری مەهاباد لە دایكبووە. لە تەمەنی منداڵیدا چووەتە بەر خوێندن، سەرەتا ئەلف و بێی لای مامۆستا (سەعید ناكام) خوێندووە، پاشان باوكی ناردوویەتی بۆ شاری مەهاباد بۆ ئەوەی لە قوتابخانەی دەوڵەتی بخوێنێت. لەوێ تا پۆلی چوارەمی خوێندووە، ئینجا باوکی ناردوویەتی بۆ قوتابخانەی ئایینی، لە خانەقای شێخی بورهان ماوەیەک ماوەتەوە، بەڵام خوێندنەکەی ڕێک و پێک نەبووە، دواتر لە لای هەنێک مەلای تر خوێندوویەتی.لە ساڵی (١٩٤٢)زاینیدا  كە كۆمەڵەی (ژ.ک کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد، کە دواتر بووە بە حیزبی دیموکراتی کوردستان) دامەزرا، هێمن ئەندامێكی هەرە چالاكی ئەو كۆمەڵە بووە، لە سەردەمی (کۆماری کوردستان) لە مەهاباد دەورێکی دیاری هەبووە، دەنگی دلێری شیعر و نووسەری باڵادەستی ئەو کۆمارە بووە. لە ١٧/٤/١٩٨٦ كۆچی دواییكردووە لە مەهاباد گیانی بە خاك سپێردراوە.
هێمن یەکێکە لە شاعیرە بەرزەکانی کورد لە سەدەی بیستەمدا. هۆنراوەکانی هێمن هەر لەسەرەتاوە لە چوارچێوەی شاعیر و نووسەران دەرچووە و لە ناو خەڵکی کوردستان بڵاوبۆتەوە و لە دڵی هەموو کوردێکی دڵسۆز و نیشتیمانپەروەر جێی خۆی کردۆتەوە. هۆنراوەی شاعیرە کلاسیکییەکانی کورد کاریان تێکردووە، بە تایبەتی هۆنراوەی (نالی)، هەروەها هۆنراوەکانی گۆران کاریگەریان لەسەر هەبووە، هەستی نیشتیمانپەروەری و جوانی سروشتی کوردستان  و جوانی ژن سەرچاوەی ئیلهامی شاعیربوون. زمانی ئەدەبی لە شیعری هێمن دا بە کوردییەکی ڕەوان و جوان و پەتییە، ئەدییب و شاعیران پێیان خۆشە و نەخوێندەواریش لێی تێدەگەن، هێمن هەر شاعیر نەبووە، بەڵکو پەخشاننووسێکی هەڵکەوتوو بووە وەکو لە پێشەکییەکەی دیوانی (تاریک و ڕوون) دەردەکەوێت، هێمن چیرۆکنووسێکی بەتوانا بووە. لە بەرهەمە چاپکراوەکانی دا (تاریک و ڕوون، ناڵەی جودایی، هەواری خاڵی، ڕیزی نان بگرن).

نموونەیەک لە هۆنراوەکانی هێمن لە دیوانی تاریک و ڕوون

تۆم هەر لەبیرە
لە شاییدا لە وەختی هەڵپەڕینا
لە خۆشیدا لە کاتی پێکەنینا
لە کۆڕی ماتەم و گریان و شینا
                          ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لە بیرە
بە شەو تاکوو بەسەرما زاڵ دەبێ خەو
بە ڕۆژ تاکوو دووبارە دێتەوە شەو
لە کاتێکدا کە دەدوێنم ئەم و ئەو
                          ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لە بیرە
زەمانێکە کە دەچمە سەیری گوڵزار
لەگەڵ پۆلی ڕەفیقانی وەفادار
تەنانەت وەختی دەسبازی لەگەڵ یار
                         ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لە بیرە
دەکەم تەرخان لە ڕێی تۆدا ژیانم
لە سەنگەردا بەرەو ڕووی دوژمنانم
بە خاکی تۆ دمی ئاویلکەدانم
                       ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لە بیرە

 


سەرچاوەکان



2869 بینین